وەزارەتی داد

گۆڕینەوەی موڵکێکە بە موڵکێکی تر بەپێی گرێبەستێکی ڕەزامەندانەی دوو لایەنە بۆ گۆڕینەوەی موڵکێک بە موڵکێکی تر، جیاوازی لەگەڵ فرۆشتنی موڵک ئەوەیە؛ لایەنەکانی گرێبەستەکە موڵکەکانیان دەگۆڕنەوە، بەڵام لە فرۆشتنی موڵکدا، فرۆشیار موڵکەکەی بە پارە دەفرۆشێت.
بریتییە لە فرۆشتنی موڵکێک لە لایەن فەرمانگەی تۆمارکردنی خانووبەرە بە شێوەی زێدەگری، کە نیشانەی بارمتە یان مافی نایابی لەسەر تۆمارکراوە، بە پێشکەشکردنی داواکارییەکی نووسراو لە لایەن خاوەنی قەرز، بە مەبەستی وەرگرتنەوەی قەرزەکەی و سوودەکانی ئەگەر شایستەی بوو ( مستحق الادا‌ء).
فەرمانگەی تۆمارکردنی خانووبەرەی تایبەتمەند بۆی هەیە فەرمانگەیەک لە فەرمانگەکانى تۆمارکردنى خانووبەرە لە جیاتی خۆی ڕابسپێرێت، تۆماری گرێبەستێک بکات لە سەر داخوازیی لایەنێکی گرێبەستەکە، واتە تەواوکردنی کڕین و فرۆشتنی موڵک لە نێوان دوو فەرمانگەی تۆمارکردنی خانووبەرە لە هەمان شار یان دوو شاری جیاواز، یەکێکیان لە جیاتی ئەوەی تر مامەڵەکە تەواودەکات.
بریتییە لە تەرخانکردنی موڵک و تۆمارکردنی لە فەرمانگەی تۆمارکردنی خانووبەرە بە ناوی فەرمانگەی ئەوقافی تایبەتمەند ئەگەر وەقف (مضبوط) بوو، یان بە ناوی (الواقف و الموقوف علیها) لەگەڵ دیاریکردنی جۆری وەقفەکە و مەرجەکانی وە ناوی سەرپەرشتیار (المتولی)، ئەگەر وەقفەکە لە جۆری (الاوقاف الملحقة) بوو، ئەو تۆمارکردنە پشت بە بەڵگەنامەیەکی شەرعی (حجة شرعیة) یان بڕیارێکی دادگا دەبەستێت، کە پلەی بنبڕی وەرگرتبێت.
تۆمارکردنی گرێبەستێکە لە نێوان کەسانێکی ئاسایی یان لایەنی مەعنەوی، کە تێیدا کەسێکیان یان چەند کەسێکیان دان بەدەست هەڵگرتنیان دەنێن لە مافەکانیان. لە گرێبەستەکە، بە چەند خاڵ و مەرجێک ماف و پابەندبوونی هەردوو لایەن، کە لەسەری ڕێکدەکەون، دیاریدەکرێت بۆ ماوەیەکی دیاریکراو یان دیارینەکراو.
په‌سندکردنى هه‌ر مامه‌ڵەيه‌کی دادنوسی که‌ لە ڕابردوودا بۆ دووباره‌ دڵنیابوونەوە و کارپێکردنه‌وه‌ى کراوه‌.
بۆ ئاگادارکردنه‌وه‌ى بريکاردەر یان بریکارە به‌ پوچەڵکردنەوەی ئەو بریکارنامە تايبه‌تییە یان گشتییەی، کە پێشتر، لە نێوانیاندا ئەنجامدراوە.
بریتییە لە وەرگرتنەوەی قەرزی خاوەن قەرزێک پێش خاوەن قەرزەکانی دیکە، وەک پێشخستنی بەهای فرۆشراو بۆ فرۆشیار، یان ئەو شایستانەی، کە تایبەتن بە بەڵێندەر و ئەندازیار، کە لە ئەستۆی خاوەن باڵاخانەی سەر موڵکەکەیە، یان پێشخستنی هاوبەش لەکاتی دابەشکردنی موڵک؛ ئەگەر یەکێک لە هاوبەشەکان زەرەرمەند بێت لە ئەنجامی دابەشکردنەکە. هەموو ئەمانەش بە دانپێدانانی لایەنەکان یان بە بڕیاری دادگا دەبێت، کە پلەی بنبڕی وەرگرتبێت.