وەزارەتی داد

بریتییە لە ڕەزامەندیدان لەسەر بریکارکردنی (توکیل) کەسێکی نزیک لە ناکام یان پارێزەرێک لەسەر داوای پێبسپێر یان باوان یان سەرکار (وصي، ولي، قيم)ی ناکام، بۆ ڕاییکردنی مامەڵەکانی ناکام.
بریتییە لە ڕەزامەندیدان لەسەر ڕەفتارکردنی ماڵیی (گوازراوە، نەگوازراوە) بە موڵکی ناکام وەک (کڕین، فڕۆشتن، دروستکردن و نۆژەنکردنەوەی خانوو، یان جیاکردنەوە و یەکخستنی موڵکی ناکام)، بە مەبەستی پارێزگاریکردن لە بەشی ناکام.
موڵکی تایبەتە، حکومەت دەیگۆڕێت بۆ موڵکی گشتی، بە ناوی دامەزراوەیەکی حکومییەوە تۆماری دەکات و قەرەبووی خاوەنەکەی دەکاتەوە، حکومەت موڵکەکە بۆ خزمەتی گشتی بەکاردەهێنێت، یان موڵکی گشتییە و لە ڕێگای خۆماڵەکردنی کارگێڕییەوە، خاوەنداریەتییەکەی لەسەر ناوی دامەزراوەیەکی حکومییەوە دەگوازرێتەوە بۆ سەر ناوی دامەزراوەیەکی تری حکومی، بە ڕەزامەندیی هەردوو لایەن.
بە نووسراوی فەڕمی موڵکێک بە ناوی کەسێکەوە تۆمار دەکرێت، بە مەبەستی بەکارهێنان و سوود لێوەرگرتنی، پێشتر ئەو موڵکە موڵکی میری و گشتی بووە، دەبێتە موڵکی کەسێک یان لایەنێکی تایبەت بە پێی یاسا و ڕێنماییەکان.
تۆمارکردنی وەسیەتی کەسێكە، کە خاوەن موڵکە و تێیدا مافی خاوەندارێتییەکەی دەگوازرێتەوە بۆ کەسانی تر لە دوای مردنی، بۆ بەناوکردنی موڵکەکە، یاخود پێدانی بڕی بەهای ئەو موڵکەی، کە وەسیەتی لەسەر کراوە یان سوودەکەی، بۆ کەسی وەسیەت بۆکراو، بەپێی بڕیاری دادگا یان بەڵگەنامەی وەسیەت (حجة الوصیة).

زەوی و خانووبەرە ئەگەر گۆڕانکاریی بەرجەستەیی (مادي) بەسەردا هات، وەک بیناکردن یان تێکدان یان زیادکردنی شتی نوێ یان هەر گۆڕانێک لە پێکهاتەکەی ڕووبدات و ببێتە هۆی ئەوەی گۆڕان لە شێوە و سوود و بەکارهێنانیدا ببێت یان بە تێکدانی پێکهاتەکەی، دەبێت ڕەگەزی موڵکەکە ڕاستبکرێتەوە، واتە دەبێت خاوەن موڵک موڵکەکەی بە فەرمی بگۆڕێت، بۆ نموونە پێشتر زەوی بووبێت ئێستا کرابێتە خانوو.
بریتییە لە دەربڕینی لاری هەبوون یان لاری نەبوونی بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی ناکامەکان لەسەر بەڵگەنامەکانی (پێبسپێری، دەسەڵات - بەندکردن، سەرکاردانان) کە لە دادگا تایبەتمەندەکان دەردەچن، بۆ دەستنیشانکردنی کەسێکی شیاو بۆ سەرپەرشتیکردنی ناکام.