دەربارەی پرۆگرامی خزمەت

خزمەت چییە؟
هەموو ئەو ئەرکانە دەگرێتەوە، تایبەت یان گشتی، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشکەشی هاوڵاتی (خزمەتخواز) دەکات و بە شێویەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر ژیانی ڕۆژانەیان هەیە.

پرۆگرامی خزمەت چیە؟
بریتیە لە پرۆسەی دۆکومێنتکردن و دیراسەتکردنی سەرجەم ئەو خزمەتانەی حکومەتی هەرێم پێشکەشیان دەکات بە مەبەستی هاوتاکردنی ڕیکارەکان، باشترکردنی ئاستیان و داڕشتنەوەیان.
کوالیتی، کات و تێچوو بە بەردەوامی دەپێورێت بۆ وەدەستهێنانی ڕەزامەندی خزمەتخواز.

ئامانجەکان
∙ باشترکردنی ئاستی خزمەتەکان
∙ کەمکردنەوەی رۆتین
∙ پێدانی زانیاری دروست بە هاوڵاتی

بۆ گەیشتن بەم ئامانجانە ئەم هەنگاوانەی خوارەوە دەستنیشان کراون کە لە دواییدا بە وردی باس دەکرێن:
- هەبوونی زانیاری و ڕێنمایی بۆ هەر خزمەتێک
- بڕیاردان لەسەر هەبوونی خزمەتەکان
- سیستمی یەکپەنجەریی
- ئامادەکاری بۆ سیستمی ئەلیکترۆنی

جۆرەکانی خزمەت
خزمەتی گشتی، ئەو خزمەتانەی حکومەت پێشکەش بە هاوڵاتی دەکات، لە چوارچێوەی خزمەتگوزارییە گشتییەکان، وەک دابینکردنی ئاو و کارەبا و خوێندن و ڕێگاوبان و ئاسایش، هتد.

خزمەتی تایبەت، هەموو ئەو خزمەتانە دەگرێتەوە کە لە رێگای پەیوەندی ڕاستەوخۆی نێوان خزمەتخواز و حکومەتدا جێبەجێ دەکرێن. وەک دەرکردنی مۆڵەتەکان، کردنەوەی کۆمپانیا، ڕادەستکردنی باجەکان، هتد.

پۆرتالی خزمەت
سەرجەم خزمەتەکان لە پۆرتالی خزمەت خراونەتە ڕوو. بۆ هەر یەکێک لەم خزمەتانە سەرجەم زانیاری پێویست، وەک خۆی، سەبارەت بە چۆنیەتی ئەنجامدانی هەر یەکێکیان بۆ هاوڵاتی بەردەست کراون.
هەبوونی زانیاری کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر کەمکردنەوەی ڕۆتین هەیە و هۆکاری هەرە گرنگی زیادکردنی شەفافیەتە.